گردی قه‌ڵاتگه‌ی شنۆ
گردی قه‌ڵاتگه
عوبێد سورخابی
هاوکات ده‌گه‌ڵ لێکۆڵینه‌وه‌کانی شاندی کۆنینه‌ناسی زانستگای "پێنسیلوانیا" له گردی"حه‌سه‌نلو" و گردی "دینخه"، کرێکاره‌کانی ناوچه باسیان له به‌رده‌نووسێک ده‌کرد که له شوێنێک به ناوی گردی "قه‌ڵاتگه" دا دۆزرابۆوه و له لایه‌ن چه‌ند که‌سێکه‌وه بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێسترابوو، هه‌ر ئه‌مه‌ش به‌هانه‌یێک بوو تا "ئۆسکار ماسکاڕێڵا" و خاتوو "کاڕۆڵ هه‌ملین" ده ڕێکه‌وتی 30 ژوییه‌ی 1968ز دا سه‌ردانی گردی قه‌ڵاتگه بکه‌ن و ئه‌م گرده به شێوه‌یێکی سه‌رپێی له باری مێژووییه‌وه تاووتوێ بکرێ. ئه‌م شوێنه که‌وتۆته مه‌ودای 15 کم رۆژهه‌ڵاتی شاری "شنۆ" و 22 کم باکووری رۆژئاوای شاری "نه‌غه‌ده".
دۆزرا‌وه‌کان:
هه‌زاران خڕکه به‌ردی گه‌وره و بچووک له سه‌ر ڕووی گرده‌که بڵاو ببوون. له لای باکووری ڕۆژهه‌ڵات و ده سه‌راوژێری ئه‌م گرده دا پاشماوه‌ی ئاسه‌واری دیوارێکی به‌رین که به خڕکه به‌ردان هه‌ڵچندرابوو دۆزرایه‌وه. ئاسه‌واری ناته‌واوی چه‌ند دیوارێکی نه‌ویش له سه‌ر ته‌ختایی گرده‌که دیار بوو. له داوێنی لای ڕۆژهه‌ڵاتی قه‌ڵاتگه که شاری شنۆی لێ ڕا دیار نییه، هۆده به‌ردینه‌یه‌کی چوارگۆشه‌ی ئاوه‌ڵا و گه‌وره ده ڕه‌وه‌زێک دا خۆ ده‌نوێنێ که هه‌رچه‌ند ئاسه‌واری ده‌ستکاریی مرۆڤی له‌سه‌ر دیاره به‌لام وێده‌چێ له بنه‌ڕه‌ت ڕا ئه‌شکه‌وتێکی سروشتی بووبێ و له لایه‌ن مرۆڤه‌وه وه‌کو سه‌رپه‌نا که‌ڵکی لێ وه‌رگیرابێ.
له لایه‌ن شاندی لێکۆڵه‌ری قه‌ڵاتگه، له‌تکه سواڵکێکی زۆر له سه‌ر ڕووی گرده‌که کۆ کرایه‌وه که به ڕواڵه‌ت هه‌ر هه‌موویان له چه‌شنی سواڵکه‌کانی سه‌رده‌می ئاسنیIII بوون (دوای سه‌ده‌ی 9ب.ز) واتا گڵینه‌ی نه‌خشدار و ڕازاوه به وێنه‌ی سێگۆشه‌ی ساکار یا هاشوور لێدراو له سه‌ر ڕووی ناوه‌وه‌ی لێواری فینجان و کاسه و هه‌روه‌ها سواڵکی تهکڕهنگی نۆکی یا سووری په‌رداخ کراو که نمونه‌که‌یان به زۆره‌وه له زۆرتری گرد و ئاقاره مێژووییه‌کانی سه‌ربه سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتداری ئۆراڕتۆییه‌کان له نیوه‌ی یه‌که‌می هه‌زاره‌ی یه‌که‌می ب.ز دۆزراونه‌ته‌وه.ئه‌م شێوه ڕازاندنه‌وه‌ی گڵینه له‌سه‌ر سواڵکه ئۆڕاڕتۆییه‌کانی "حه‌سه‌نلو" و "زێویه" و "ئاڵتین ته‌په" و "وان" و "تیلکی ته‌په" زۆر بینراوه و تۆمار کراوه. هه‌ر به‌م شێوه‌یه سواڵکه سووره په‌رداخ کراوه‌کانی قه‌ڵاتگه‌ش ده‌توانین به ئۆڕاڕتۆیی دابنێین. جودا له گڵینه تایبه‌ته‌کانی قه‌ڵاتگه، مۆرێکی ئیستامپی لوله‌یی سپی به موتیفی تایبه‌تیی ئۆڕاڕتۆیی له ئه‌م گرده دۆزراوه.
به‌رده‌نووسی قه‌ڵاتگه:
گرینگ‌ترین دۆزراوه‌ی گردی قه‌ڵاتگه که سرنجی کۆنینه‌ناسانی ئێرانی بۆ لای خۆی ڕاکێشا، به‌رده‌نووسێکی شکاوی ئۆڕاڕتۆیی بوو که "کاڕۆڵ هه‌ملین" دیتییه‌وه. ئه‌م به‌رده به‌نرخه ده دیواری ئاوبه‌ندێک دا که له‌سه‌ر کانیاوێک هه‌ڵبه‌سترابوو ده‌کار کرابوو. سه‌ڕه‌ڕای ئه‌مه که خودی ئه‌م به‌رده‌نووسه چه‌ند له‌ت بووه و ئه‌م له‌تکانه‌ش به هۆی کارتێکردنی ئاووهه‌وا زیانێکی زۆریان دیتووه، "ڤان لۆن" ئه‌م به‌رده‌نووسه‌ی تاووتوێ کردووه و به ئه‌م شێوه‌یه وه‌ریگێڕدراوه‌ته‌وه:
1 . کاتێک [ئیشپۆئینی]، به پشتبه‌ستن به خودای هاڵدی و خودای ت[شوبا؟]
2 . کوڕی ساردوری، پاشای ئۆڕاڕتۆ [و مێنۆا]
3 . کوڕی ئیشپۆئینی ، له وڵاتی ساپایا [...]
4 . پاشای؟ ئه‌وانیان گر[تن؟] هه‌م خودای هاڵ[دیا و ...]
5 . بۆ خودای هاڵدیا خه‌ڵکی ئوئیشه‌یان؟ له وڵاتی [...] بۆ شاری [ئه‌و] ڕاگ[وێست]
6 . به دره‌خته‌کانی ... ئه‌وان هێنایان ...
که وابوو، ئیشپۆئینی پادشای ئۆڕاڕتۆ و مێنۆئای کوڕی، ده کاتێکی نادیار دا و له سه‌رده‌می پاشایه‌تی هاوبه‌شی خۆیان، واتا نێوان ساڵه‌کانی 805 تا 810ب.ز، ئه‌م به‌رده‌نووسه‌یان له سه‌ر ڕێگای خه‌ڵک و بو زانیاری گشتی چێ کرد. هه‌ر وه‌ک پێشتریش بهردهنووسێکیتریان به ناوی "کێله‌شین" به دوو زمانی ئاشوڕی و ئۆڕاڕتۆیی ده هه‌مان سه‌روبه‌ند دا له هه‌مان ده‌وروبه‌ر دا چێ کردبوو. به‌رده‌نووسه‌کانی قه‌ڵاتگه سه‌لمێنه‌ری ئه‌م ڕاستییه‌ن که شارێکی ئۆڕاڕتۆیی ده کۆتاییه‌کانی سه‌ده‌ی 9ب.ز و سه‌ره‌تاکانی سه‌ده‌ی 8ب.ز دا له ناوچه‌ی شاری شنۆ و له نیزیک بستوی کێله‌شین به‌رپا بووه و به‌رده‌نووسی ئۆڕاڕتۆیی "تاش ته‌په"ش کێشرانی سنووره‌کانی ده‌وڵه‌تی ئۆڕاڕتۆ به‌ره‌و ناوچه‌کانی ناوه‌وه‌ی باکووری ڕۆژئاوای ئێران تا سه‌رانسه‌ری "ده‌شتی سندووس" و که‌ناره‌کانی باشووری "ده‌ریاچه‌ی ورمێ" ده‌سه‌لمێنێ. به کورتی، به پێی ئه‌م به‌رده‌نووسه و دۆزراوه‌کانی به‌ڕێز "وۆڵفڕام کلایس"ی ئاڵمانی ده‌توانین ئه‌م داوایه بکه‌ین که ناوچه‌کانی باکووری رۆژئاوای ئێران و که‌ناره‌کانی باشووری ده‌ریاچه‌ی ورمێ ده سه‌ره‌تاکانی سه‌ده‌ی 8 ب.ز دا له‌ژێر ده‌سه‌ڵاتی ئۆڕاڕتۆییه‌کان بووه.
ئاکامه‌کان:
به شێوه‌یێکی فه‌ڕزی ده‌توانین وا بیر بکه‌ینه‌وه که ڕه‌وتی نیشته‌جێ بوون له گردی قه‌ڵاتگه به ماوه‌ی 100 ساڵ واتا له سه‌ده‌ی 8ب.ز تا سه‌ده‌ی 7ب.ز درێژه‌ی هه‌بووه. ده سه‌ده‌ی 7ب.ز دا به هۆی شه‌ڕ و هه‌ڵڵا و جوڵانه‌وه‌ی به‌ربڵاوی جه‌ماوه‌ر که له ئه‌م هه‌رێمه دا ڕوویداوه و هه‌روه‌ها ده‌ستپێکردنی شه‌ڕ و پێکدادانه گه‌وره‌کانی نێوان "ئاشووڕ" و "سکا" و "ئۆڕاڕتۆ" و هۆز و تۆره‌مه ئێرانییه‌کان، تا ئێستا لێمان ڕوون نییه که ئایا ئه‌م شوێنه له ژێر ده‌سته‌ڵاتی ئۆڕاڕتۆییه‌کان ماوه‌ته‌وه یا له نێوان هێزه‌کانیتری ئه‌و سه‌رده‌م ده‌ست به ده‌ست بووه، هه‌ر بۆیه‌ش ده بارودۆخی ئێستا دا به ڕاشکاوی ناتوانین حوکم بده‌ین که کۆنه‌شاری قه‌ڵاتگه له وڵاتی "پاڕسوا" یا "ماننا" یا له هه‌رێمی ژێر ده‌سته‌ڵاتی مانناییه‌کان وه‌کو "ئوئیشدیش" یا "سووبی" بونیاد نرابێ.
ده به‌رده‌نووسی قه‌ڵاتگه دا ئاماژه به شارێک کراوه به ناوی Uishe. ڕه‌نگه ئه‌م شاره (uaiais, uasi, uazae, uesi) هه‌ر ئه‌و شاره ئۆڕاڕتۆییه بێ که سیخوڕه‌کانی ئاشووڕی ده کۆتاییه کانی سه‌ده‌ی 8ب.ز دا ده ڕاپۆڕته‌کانی خۆیان دا ئاماژه‌یان پێداوه. "تۆڕۆ دانژێن" به شاری ئێستای "به‌تلیس"ی لێ حاڵی بووه، به‌ڵام به پێی ڕاپۆڕتی ئه‌م سیخوڕانه ئاشکرایه که ئه‌م شاره دوایین شوێنی گرینگی سه‌ر ڕێگای "توشپا" (پێته‌ختی ئۆڕاڕتۆییه‌کان) به "موساسیر" (شاری پیرۆزی ئۆڕاڕتۆییه‌کان) بووه و هه‌ر ئه‌م شاره‌یه که له وێ "ڕۆسا"ی یه‌که‌م (پاشای ئۆڕاڕتۆ) ده گه‌ڵ نوێنه‌رانی وڵاتانی "ئاندیا" و "زیکیرتۆ" کۆ ده‌بنه‌وه بۆ یه‌کگرتن و پشتگیری له ئۆڕاڕتۆ ده به‌رانبه‌ر هێرشی ئاشووڕ دا (ساڵی714ب.ز). ئه‌م ڕوداوه ئه‌مه ده‌سه‌لمێنێ که شاری Uishe له سه‌ر سنووره‌کانی لای ڕۆژهه‌ڵاتی ئۆڕاڕتۆ بووه.
به وه‌به‌رچاو گرتنی هه‌موو ئه‌و به‌ڵگانه‌ی که تا ئێستا پێشکه‌ش کرا ( به‌رده‌نووسه‌کانی کێله‌شین و قه‌ڵاتگه و موانا و تاشته‌په و مه‌حمو‌دئاباد)، ده‌توانین ئه‌م ڕوانگه‌یه بخه‌ینه ڕوو که شاری Uishe ڕه‌نگه هه‌مان شاری شنۆی ئێستا بێ که له‌سه‌ر ئه‌م ڕێگایه هه‌ڵکه‌وتووه که زه‌ریاچه‌ی "وان" به که‌ناره‌کانی ڕۆژئاوا و باشووری زه‌ریاچه‌ی "ورمێ" ده‌لکێنێ و دوای تێپه‌ڕبوون له بستوی "کێله‌شین" ده‌گاته ناوچه‌ی "ڕواندز". ئه‌گه‌ر ئه‌م ڕوانگه‌یه بسه‌لمێندرێ و درووست بێ، ئه‌و کات ڕوانگه‌ی "تۆرۆ دانژێن" سه‌باره‌ت به ڕه‌وگه‌ی له‌شکه‌رکێشی "سارگۆنی دووهه‌م" بۆ وڵاتی ئۆڕاڕتۆ له ساڵی 714ب.ز دا تووشی کێشه‌ی سه‌ره‌کی ده‌بێ و ڕه‌نگه ساڕگۆن ده ڕێگای گه‌ڕانه‌وه دا ڕه‌وگه‌ی شنۆ و کیله‌شین و ڕواندزی هه‌ڵبژاردبێ. ئه‌وه‌ی که تا ئێستا ڕوون و ئاشکرایه، ئه‌وه‌یه که گردی قه‌ڵاتگه ده سه‌رده‌می ئۆڕاڕتۆییه‌کان دا قه‌ڵایه‌کی گه‌وره و ئێستڕاتێژیک بووه که چاودێری شارێکی گرینگی ئۆڕاڕتۆیی له ناوچه‌ی شنۆ بووه. گردی قه‌ڵاتگه تا ئێستا به شێوه‌یێکی زانستی هه‌ڵنه‌کۆڵدراوه و ئه‌م زانیاریه گرینگانه‌ی که سه‌باره‌ت به مێژووی ده‌شتی سندووس و ناوچه‌ی شنۆ له ئه‌م گرده وه‌ده‌ست که‌وتوون ته‌نیا ئاکامی چاوپێداخشاندنێکی سه‌رپێییه.
ئه‌م وتاره ده گۆڤاری مه‌هابادی ژماره ۱۲۶دا بڵاو کرایه‌وه
به باوه‌ڕ هێنان به‌م ڕاستییه که مێژووی هه‌ر نه‌ته‌وه‌یێک ئاوێنه‌ی ناسنامه و که‌سایه‌تی ئه‌م نه‌ته‌وه‌یه و به‌م پێیه ئه‌رکی سه‌رشانی هه‌ر تاکێکی کۆمه‌ڵگایه که مێژووی پڕ له هه‌وراز و نشێو و پڕ له ئازایه‌تی و شانازی خۆی به گه‌لانی تر بناسێنی و خاوه‌نداری له ناسنامه‌ی مێژوویی خۆی بکات ، ئامانجی سه‌ره‌کی ئه‌م په‌رتووکه به‌م شێوه‌یه ده‌ستنیشان ده‌که‌ین :